وەزارەتی دەرەوەی سوریا ئەمڕۆ یەکشەممە لەپەیامێکدا سەبارەت بە بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی کۆمکاری عەرەبی سەبارەت بە گەڕانەوەی دیمەشق بۆ ئەم پێکھاتەیە رایگەیاند: پێشوازی لەو بڕیارە دەکەن و لەو باوەڕەش دان کە وەھا ھەنگاوێک بە ئاراستەی دابین کردنی سەقامگیری و ئاسایش و خۆشگوزەرانی بۆ گەلانی عەرەب دەڕواتە.
وەزارەتی دەرەوەی سوریا جەختی لەوەش کردووەتەوە کە، سوریا راسپاردە و هەنگاوە باشەکانی ئێستای ناوچەی عەرەبی پەیڕەو دەکات و لەو بڕوایەشدایە کە ئەم بڕیارە لە بەرژەوەندی هەموو وڵاتانی عەرەبی و بەدیهێنانی سەقامگیری و ئاسایش و خۆشگوزەرانییە بۆ گەلانی ناوچەکە.
وەزارەتی دەرەوەی سوریا جەختی لەسەر گرنگیی گفتوگۆ و کردەوەی هاوبەشیش کردووەتەوە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەو ئاستەنگانەی کە ڕوبەڕوی وڵاتانی عەرەبی دەبنەوەو وتووشیەتی: سوریا وەک ئەندامی دامەزرێنەری کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی، درێژە بە هەڵوێستی بەردەوامی خۆی دەدات سەبارەت بە پێویستیی بەهێزکردنی کردەو هاوکاریی هاوبەشی عەرەبی، دوپاتیشی دەکاتەوە کە قۆناغی داهاتو پێویستی بە ڕێبازێکی کاریگەر و بنیاتنەری عەرەبی هەیە لەسەر ئاستی دولایەنە و بە کۆمەڵ، لەسەر بنەمای دیالۆگ و ڕێزگرتنی یەکتر و بەرژەوەندی هاوبەشی نەتەوەی عەرەب و بە گرنگییەوە تەماشای ئەو بڕیارە دەکات و پێشوازیشی لێدەکات.
جێگای ئاماژەیە لە کۆبونەوەی ڕۆژی یەکشەممەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی، ڕێککەوتن لەسەر گەڕانەوەی سوریا بۆ شوێنی خۆی لە کۆمکاری عەرەبی کرا.
342/